نەورۆز لە ڤییەنا و بۆردۆ پیرۆزکرا

شەوى ڕابردوو نەورۆز لە شاری ڤییەنای پایتەختی وڵاتى نەمسا و شاری بۆردۆی فەرەنسا پیرۆزکرا و لە چالاکیەکەدا هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل رەمزی کارتال ڕایگەیاند: کات کاتی ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، هاوکات سەرۆکى پەرلەمانى ڤییەناش ڕایگەیاند، پشتگیری لە کوردستانیان دەکات.

شەوى ڕابڕدوو، لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا نەورۆز بە پێشەنگایەتیی (فەیکۆم) پیرۆزکرا و کوردستانیان لەگەڵ دۆستەکانیان لە گاسۆمەتر کۆبوونەوە و بە جۆش خرۆشێکی زۆرەوە نەورۆزیان پیرۆز کرد.

لە چالاکییەکەدا سیاسەتمەداری کورد خەتیب دیجلە ڕایگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی کار بۆ ڕووخاندنی سیستمی فاشیست دەکەن.

پاش تەواوبوونى وتارەکەى خەتیب دیجلە، نوێنەری هەدەپە لە ئەڵمانیا لەیلا ئیمرەت و نوێنەری یەکێتیی هێزە دیموکراتیکەکان ئەحمەد زیرەک وتەیان پێشکەش کرد.

هەر لە پیرۆزباییەکەدا ئەرنست وۆلەر سەرۆکی پەرلەمانی ڤییەنا ڕایگەیاند، پشتگیری لە کوردستانیان دەکات.

هەروەها، ئەندامی ئەنجومەنی نەتەوەیی کورد هارالد ترۆچ باسیلەوەکرد، “کاتێک لە هەولێر، ڕۆژئاوا، ئامەد و ئێران دەڵێم، دیموکراسی و ئازادی پێکەوە، بێگومان ئەوە بە مانای ڕووخانی دیکتاتۆریی ئەردۆغانە”.

لە ئاهەنگەکەدا هونەرمەدان شڤان پەروەر، شەهریبانا کورد، دیلان تۆپ، شیار مونزور و گروپی دەم چوون سەر تەختە و هونەرەکەی خۆیان پێشکەشکرد و کوردستانیان بە دەم ئەو گۆرانیانەوە گۆڤەند و هەڵپەڕکێیان گێڕا.

هەر شەوى ڕابردوو، نەورۆز لە شاری بۆردۆی فەرەنسا بە ڕێکخستنی چالاکییەک پیرۆزکرا.

دوای خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل رەمزی کارتال لە رێگەى تەلەفۆنەوە وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەى بەوەکرد، کات کاتی ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە و هەڵبژاردنەکانى داهاتووى تورکیا دەبێتە هەڵبژاردنی نەورۆز.

لە پیرۆزباییەکەدا هونەرمەدان ئاگرین ئازاد، زیلان نار، دەنیز ئەسمەر، چەندین گۆرانیان پێشکەشکرد و ئامادەبوان بە بەردەوامی دروشمەکانی “بژی سەرۆک ئاپۆ”، “بێ سەرۆک ژیان نابێت” دەوترانەوە.

ئ.م

Comments are closed.